(بۆخوارەوە)(بۆسەرەوە)

تەوافی ئیفازە (طواف الافاضة)...

باسی ئەوەمان کرد کە حاجی بەکارەکانی رۆژی قوربانی هەستا لە جەمەراتەوە هەتا سەرتراشین، وەهەموو ئەوانەی کە حەرام بو بۆی لەکاتی موحریمیدا، بۆی حەڵاڵ دەبێت جگە لە (چوونە لای ژن) ئەوەش پێی دەڵین خۆکردنەوەی یەکەم (التحلل الاول).
بۆ خۆکردنەوەی دووەم (التحلل الثاني) دەبێ بچێتەوە مەککە بۆ کردنی تەوافێک کە پێی دەڵێن تەوافی ئیفازە، وە بەکردنی ئەو تەوافە هەموو شتێکی بۆ حەڵاڵ دەبێت کە لێی حەرام کرابوو کاتی ئیحرام، لەو شتانەی کە مابوو چوونە لای ژن بوو.

مسوڵمانان ئیجماعیان کردوە کە تەوافی (الافاضة) پایەیەکە لە پایەکانی حەج، ئەگەر حاجی یەک نەیکات حەجەکەی بەتاڵە، بەپێی فەرموودەی خودای گەورە: ‌‌{{وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ }}. ( الحج ـ٢٩ )، واتە: با بەدەوری خانەی دێرینی خودادا تەواف بکەن.

ئەو تەوافەش هەر وەک تەوافی (قودوم یاعومرە) کە لە پێشەوە باس کرا، پێک هاتوە لە ( ٧ ) حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری کەعبەدا، وە ( ٧ ) خول (شوط) لە (صەفا و مەروە)دا.
سەبارەت بە سەرەتای کات و دوا کاتی ئەو تەووافە بیروڕای جیاوازی لە سەرە، بەڵام باشترین کات کە تێیدا بەجێ بێت چێشتەنگاوی ڕۆژی قوربانی یە، وەلەلای ئەبو حەنیفە و مالیک : کاتەکەی بە هەڵهاتنی بەرە بەیانی ڕۆژی قوربانی دێت. بەڵام جیاوازیان هەیە لە کۆتایی کاتەکەیدا.
مالیک گوتویەتی: قەیناکا دوا بخرێت بۆ کۆتایی ڕۆژەکانی جەژن، بەڵام بە پەلە کردنی چاکترە.
باڵام باشترین کات ئەوەیە کە لە ڕۆژی دەیەمی (ذي الحجة) دا جێ بەجێ بکرێت.
وە ئافرەت بۆ پیاو حەڵاڵ نابێت هەتا ئەو تەوافە نەکات.

چۆنی یەتی کردنی:
هەروەک تەوافی (قدوم یا عومرە)ە یە، بەڵام ئەو تەوافی (ئیفازەیە) شانی تێدا ڕووت ناکرێت ئەگەر بە جلی ئیحرامەوە مابۆوە (إضطباع)، وە ڕەملیشی تێدا نیە (هەروەلە)، بەڵام دەبێ بە هەموو کارەکانی تەوواف هەستێت وەک لە پێشەوە باسمان کرد.
ئینجا بەتەواو کردنی ئەو تەوافە هەموو شتێکی بۆ حەڵاڵ دەبێت کە پێشتر بە ئیحرام بەستن لێی حەرام کرابوو.

پەلە کردنی ئافرەتان لە تەووافی (إفاضة):
پەسندە ئافرەتان ی (إفاضة) بە پەلە بکەن لە ڕۆژی قوربانی دا ئەگار ترسی کەوتنە بێ نوێژیان هەبوو.
تەواف عائیشە (خودا لێی ڕازی بێت) فەرمانی دەدا بە ژنان کە پەلە بکەن لەتەوافی (إفاضة) لە ڕۆژی قوربانیدا، نەوەک بکەونە بێ نوێژی یەوە.
(عطاء) گوتوویەتی: ئەگەر ژنێک ترسی بێ نوێژی هەبوو با پێش ڕەمی کردنی جەمڕەکە زیارەتی کەعبە بکات، وە پێش ئەوەش کە قوربانی سەر ببڕی.
وە دەرمان بەکار هێنان خراپ نی یە بۆ دواخستنی بێ نوێژی هەتا بتوانێ تەوافی بەیت بکات.
سەعیدی کوڕی مەنصور دەگێریتەوە لە ئیبن عەمەرەوە خودا لێ یان ڕازی بێت: کە پرسیاری لێ کرا دەربارەی ئەوەی کە ئافرەت دەرمان بخوات هەتا بێ نوێژی یەکەی دوا بکەوێ، فەرموی: خراپ نی یە، وە ئاوی دار (ئەڕاک) یشی بۆ وەصف کردن لەو بارەیەوە.

بە کۆتایی هاتنی ئەو تەوافە دەگەڕێتەوە بۆ (مینا) بۆ مانەوەی شەوانی (تشریق) کە شەوانی ( ١١، ١٢، ١٣ ) ی مانگی (ذي الحجة) یە.





© 2008 www.moslim.se . All rights reserved   MOSLIM.SE