(بۆخوارەوە)(بۆسەرەوە)

رۆژانی تەشریق (ايام التشريق)..

ڕۆژانی (تشریق) لەڕۆژی ( ١١ ) ی مانگی (ذي الحجة)ە وە دەست پێ دەکات.
کە لە تەوافی ئیفازە لێ بۆوە، دەگەڕێتەوە بۆ (مینا) بۆ مانەوە لەوێ و بۆ ڕەمی کردنی جەمەڕات.

ئەو ڕۆژانەی ڕەمی تێدا دەکرێ:
ڕۆژەکانی ڕەمی کردن سێ رۆژە یا چوار، رۆژی جەژنی قوربان و دوو ڕۆژی دیکەش، یا سێ ڕۆژ لە ڕۆژانی (تشریق).
خودای گەورە دەفەرموێ: {{وَاذْكُرُواْ اللّهَ فِي أَيَّامٍ مَّعْدُودَاتٍ فَمَن تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْنِ فَلاَ إِثْمَ عَلَيْهِ وَمَن تَأَخَّرَ فَلا إِثْمَ عَلَيْهِ لِمَنِ اتَّقَى}}(البقرە ـ ٢٠٣ ) . واتە: یادی خودا بکەن لە چەند ڕۆژێکدا ــ یانزدە و دوانزدە و سیانزدەی (ذي الحجة) لە (مینا) ـ، جا هەرکەس پەلە بکات لە دوو ڕۆژدا بیکات ــ لە یانزدە و دوانزدەدا ــ گوناهی ناگات. هەر کەسیش دوای بخات ــ و سینزدەهەمیش بمێنێتەوە لە (مینا) -ـ هەر گوناهی ناگات، ئەوەش ــ مانەوەی ڕۆژی سیانزدەهەم ــ بۆ ئەو کەسانەیە کە لەخودا دەترسن.
(رمی الجمار) بەردگرتن لە کۆمەڵە بەردەکان..
بنەمای دامەزراندنی و حیکمەت لە ڕەمی کردن: تکایە کلیکی بکە بۆ زانیاری دەربارەیانەوە.

حوکمی بەرد هاویشتن:
جومهوری زانایان بۆ ئەوە چوون کە: بەرد گرتنە جەمەڕەکان واجبە بەڵام پایەیەکی حەج نی یە، وە واز لێ هێنان و نەکردنی بە خوێن قەرەبۆ دەکرێتەوە.
بەپێی ئەوە ئەحمەد و موسلیم و نەسائی گێڕاویانەتەوە لە جابیرەوە خودای لێ ڕازی بێت فەرمویەتی: پێغەمبەرم () بینیوە ڕۆژی قوربانی لەسەر ووڵاغەکەیەوە بەردی دەگرتە جەمەڕەکە و دەیفەرموو: ((لِتأخُذُا عَنِّي مَنَاسِكَكُم، فإنِّي لا أدرِي لَعَلِّي لاأحُجُّ بَعدَ حَجَّتي هَذِهِ)). واتە: بۆ ئەوەی بەجێ هێنانی کارەکانی حەجەکەتان لەمنەوە فێر ببن، چونکە من نازانم دووای ئەو حەجە حەجێکی دیکە دەکەمەوە یان نا.
ئەندازەی بەردەکان چەندە بێ و چ جۆرێک بێ؟:
ئەو بەردەی ڕەمی پێ دەکرێ وەکو بەردی دارلاستیک وەها بێ. لەبەر ئەوە زانایان ئەو جۆرە بە پەسند دەزانن، وە ئەگەر کەسێک لەوە تێپەڕی و بەردی گەورەی گرتە جەمەڕەکان، جومهوری زانایان دەڵێن: دروستە و بری دەکەوێ بەڵام کەڕاهەتی هەیە.
لە سۆلەیمانی کوڕی ئەحوەصی ئەزدی یەوە هاتوە لە دایکی یەوە: گوێم لە پێغەمبەر () بووە ـ کە لەناو شیوەکەدا بوو ـ دەیفەرموو : ((ياأيها الناس! لايَقتُل بَعضُكم بعضاً، إذا رمَيتُم الجَمَرَةَ فارموا بِمثلِ حصى الحَذفِ)) رواه ابو داوود. واتە: ئەی خەڵکینە! یەکتر مەکوژن ئەگەر بەردتان هەڵدا بەردێک بهاوێژن وەکو بەردی دارلاستیک وەها بێت واتە بەقەدەر دەنکی پا‌قلەیەک بێ.
زانایان هەموو ڕێکن لەسەر ئەوەی کە ڕەمی بە جگە لە بەرد دروست نی یە، وەک ئاسن یا مس و وێنەی ئەو دوانە دروست نی یە.


ئەندازەی بەردەکان

لە کوێ بەردەکان هەڵدەگیرێ:
ئیبن عومەر خودا لێ یان ڕازی بێت ووردە بەردی لە موزدەلیفە هەڵدەگرت.
دروستە ئەو بەردانە هەڵبگرێتەوە کە فڕێ دراون و ڕەمی یان پێ کراوە، لەگەڵ ئەوەی کەڕاهەتی هەیە. لای شافیعی و حەنەفی و ئەحمەد.

ژمارەی بەردەکان:
ژمارەی ئەو بەردانەی ڕەمی یان پێ دەکرێ (حەفتا) یا (چل و نۆ) بەردوچکەیە.
حەوتیان ڕۆژی قوربانی دەهاوێژرێ لای (جەمڕی عەقەبە) وەک لەپێشدا باسی لێ کرا، وە ( ٢١ ) بیست و یەکیان ڕۆژی یانزدەهەم بەسەر ( ٣ ) سێ جەمڕەدا دابەش دەکرێ هەر جەمڕەیەک حەوت بەردی بەر دەکەوێ.
( ٢١ ) بیست و یەکی دیکە بەوشێوەیە لە ڕۆژی دوانزدەهەمدا.
( ٢١ ) بیست و یەکی دیکەلە ڕۆژی سیانزدەهەمدا بەوشێوەیە.
ژمارەی بەردەکان دەگەنە (٧٠) حەفتا بەرد.
جا ئەگەر کەسێک هەر لەسێ ڕۆژی یەکەمدا ڕەمی بکات و واز لە رۆژی سیانزدەهەم بهێنێ دروستە. لەم شێوەیەدا حاجی ( ٤٩ ) چل و نۆ بەرد دەهاوێژێ.

شوێنەکانی بەردی لێ دەهاوێژرێت (جمرات):
ئەو شوێنانەی کە بەردی تێ دەگیرێ سێ شوێنن و هەمویان لە (مینا)ن:
١ ـ الجمرة ألصغرى.
٢ ـ ألجمرة الوسطى.
٣ ـ جمرة العقبة.

ڕەمی کردن (جمرات):
کاتی هەڵبژێراو بۆ ڕەمی کردن لەو سێ ڕۆژەدا لەدوای نیوەڕۆوە دەست پێ دەکات هەتا ڕۆژ ئاوابوون.
لە ئیبن عەبباسەوە خودا لێیان ڕازی بێ هاتوە کە پێغەمبەر () لەکاتی (زوال) لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان بەردەکانی هاویشت، یا لەدوای زەوالدا بوو، ئەحمەد و ئیبن ماجە و (ترمذی) کە پلەی (حسن)ی بۆ داناوە گێڕاویانەتەوە.


وەستان و پاڕانەوە دوای ڕەمی کردن لە (ڕۆژانی تەشریق)دا:
وەستان بەرەو قیبلە و پاڕانەوە لە خودا و سوپاس گوزاری خودا داوای لێ بوردن بۆ خۆی و برا مسوڵمانەکانی لەدوای ڕەمی یەکە پەسندە.
بەپێی ئەوەی بوخاری و ئەحمەد دەگێرنەوە لە سالمی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی عومەرەوە لە باوکی یەوە (خودا لێێان ڕازی بێ) کە پێغەمبەر () کاتی ڕەمی دەکرد لە جەمەڕەی یەکەم (الجمرة ألصغرى). حەوت بەردی تێ دەگرت وە لەگەڵ هەر بەردێکا (الله اکبر)ی دەکرد. لە پاشاندا بەلای چەپدا دەڕۆیشت بۆ ناو شیوەکه لەوێ دەوەستا بەرەو قیبله دەستەکانی بەرز دەکردەوە و دەپاڕایەوە لە خودا. وە ڕاوەستانەکەی درێژ دەکردەوە.
پاشان جەمڕەی دووەمی ڕەمی دەکرد بە حەوت بەردی دیکە لەگەڵ هەر بەردێکدا (الله اکبر)ی دەکرد. پاشان بەلای چەپدا دەڕۆێشتەوە بۆ ناو دۆڵەکە لەوێ ڕادەوەستا، و بەرەو قیبله دەستەکانی بەرز دەکردەوە و دەپاڕایەوە.
دوای ئەوە دەڕۆیشت هەتا دەگەیشتە ئەو جەمڕەیەی کەلای عەقەبەوەیە (جمره العقبه) ئەویشی بە حەوت بەرد ڕەمی دەکرد و (الله اکبر)ی دەکرد لەگەڵ هەر بەردێکدا، ئەوجا دەڕۆیشت و نەدەوەستا.
لە حەدیسەکەدا ئەوە هاتووە کە پێغەمبەر () لەدوای ڕەمی (جمره العقبه) نەدەوەستایەوە، بەڵکو لەدوای ڕەمی دوو جەمرەکەی دیکە دەوەستا.

ڕەمی (جمرات) بە تەرتیب:
ڕەمی کردن لە ( الجمرة ألصغرى)وە دەست پێ دەکات بەحەوت بەرد، ئینجا ( ألجمرة الوسطى) ئەویش حەوت بەرد، دوایی (العقبە الکبری) ئەویش هەر حەوت بەرد . دوای هاویشتنی بەردی (صغرى) و (وسطى) کەمێک لە شوێنەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە و ڕوو لەقیبلە دەکات و دەست بەرز دەکاتەوە بۆ دوعا و پاڕانەوە لە خودای پەروەردگار. بەڵام لەدوای (العقبە الکبری) دوعا ناکات و یەکسەر دەڕوات. هەر بەردێکیش نەکەوێتە ناو حەوزەکە ئەوە حیساب ناکرێت؛ ئەو بەردانەی کە دەیهاوێژێ پێویستە بکەوێتە ناو حەوزەکە، ئەگینا دەبێ لەجێی ئەو بەردێکی دیکە بهاوێژێ. پاشان لەڕۆژی دوانزدەهەندا هەمان کردار و ئیش دەکاتەوە کە لە رۆژی یانزدەهەمدا کردبووی، ئینجا دوای ئەوە ئەگەر حەزی کرد کۆتایی بە بەرد هاوێشتن دەهێنێت و (مینا) بەجێ دەهێڵێت، وە دەبێ لەپێش ڕۆژئاوابوون بگەڕێتەوە بۆ (مەککە)؛ ئەگەر لەپاش ڕۆژئاوابوون لە (مینا) دەر نەچووبوو دەبێ ئەو شەوەش هەر لە (مینا) بمێنیتەوە و بۆ بەیانییەکەی کە دەکاتە سیانزدەهەمی (ذي الحجة) هەمان کار و باری بەردهاوێشتن دووبارە بکاتەوە.
هەروەها دەشتوانێت بە ویستی خۆی بمێنێتەوە لە (مینا) بۆ بەرد هاوێشتنی ڕۆژی سیانزدەهەمی (ذي الحجة) کە خێر و پاداشتی زۆرە.

ڕەمی کردن لە باتی کەسێکی دی:
ئەگەر کەسێک بەهانەیەکی هەبوو ڕێ گر بوو لەوەی کە بۆ خۆی ڕەمی جەمڕەکان بکات، وەک نەخۆشی و شتی دیکە، بۆی هەیە هەرکەسێکی دی لەجیاتی ئەو ڕەمی بکات.
جابیر (خودای لێ ڕازی بێ) فەرمویەتی لەگەڵ پێغەمبەردا() حەجمان کرد ژن و منداڵمان لەگەڵدابوو، لە جیاتی منداڵەکان تەلبی یەمان دەکرد و ڕەمیمان دەکرد، ئیبن ماجە گێڕاویەتی یەوە.




 

دوای ئەوە (مینا) بەجێ دەهێڵی و دەڕوا بۆ مەککە بۆ کردنی تەوافی ماڵ ئاوایی (طواف الوداع)

© 2008 www.moslim.se . All rights reserved   MOSLIM.SE