(بۆخوارەوە)(بۆسەرەوە)

دەستپێکردن بەکارەکانی عومرە

بەگەیشتنی بەشاری مەککە دوای ئەوەی کەجلی ئیحرامی پۆشی لە میقات و نیەتی هێنا، دەبێ لەپێشدا دەست بکات بەکارەکانی (عمره) ئەویش بە تەواف دەست پێدەکات و بە سەعی کۆتاتیی پێدێنێت وبە سەرتراشین یان کورتکردنەوەی ئیحرام دەشکێنێت.

سوڕانەوە بەدەوری کەعبەدا ( ألطواف ):
جۆرەکانی تەواف:
١ـ تەوافی هاتنی مەککە (طواف القدوم)، ئەم تەوافە پێ ی دەگوتری تەوافی (عومرە) بۆ (متمتع) و (قارن)، وە لەجیاتی تەوافی تەحی یەو قودومیش دەبێت بۆی..... وە لەسەری واجبە عومرەکەی تەواو بکات ئەو جا (سەعی) نێوان صەفا و مەروە بکات.
٢ـ تەوافی هاتنە خوارەوە لە (عەرەفە) وە بەرەو (مینا) کە پێی دەگوترێ (طواف الافاضة).
٣ـ تەوافی خوداحافیزی (طواف الوداع)، کە لە شوێنی خۆیدا باس دەکرێت.
٤ـ تەوافی سوننەت (طواف التطوع).
تێبینی: ١ـ  پێویستە لەسەر حاجی، بوونی لەمەککە بە هەل و دەرفەت بزانێ و تەوافی (تطوع) زۆر بکات و نوێژ زۆر بکات لە مزگەوتی حەرەمدا.
تێبینی: ٢ـ  سوننەت وەهایە کاتێک هاتە ناو (حەرەم) وە، سڵاو لە مزگەوتی حەرەم بکات بە سوڕانەوە بە دەوریدا (طواف)، بە پێچەوانەی مزگەوتەکانی دیکە کە سڵاو لێ کردنیان نوێژ کردنە تێیاندا.

تەوافی هاتنی مەککە: تەوافی عومرە (طواف العمرة)... یان (طواف القدوم)
بە گەیشتنی بەشاری (مکە) خێرا بەرەو خانەی خودا (المسجد الحرام) بڕوات بۆ ئەوەی دەست بکات بە (کارەکانی) عومرە لەپێشدا، ئەو کارانەش بە تەواف (سووڕانەوە بەدەوری کەعبە) وە دەست پێ دەکات، بەم جۆرە:
١ـ دوای ئەوەی کەل و پەلەکەی لە شوێنێکی ئەمیندا دانا، ولەدەرگەی حەرەم بە پێ ی ڕاستی بچێتە ژوورەوە و بە ملکەچی یەوە بڵێ: (أعوذ بالله العظيم وبوجهه الكريم وسلطانه القديم، من الشيطان الرجيم، بسم الله، اللهم صل على محمد وآله وسلم، اللم اغفر لي ذنوبي، وافتح لي ابواب رحمتك). واتە: پەنا دەگرم، بەخودای گەورە و ڕووی پیرۆزی و دەسەڵاتی دێرینی، لە شەیتانی نەفرین لێ کراو، بەناوی خودا، خودایە بەزەیی و میهرەبانی بڕژێنە بە سەر موحەممد و ئالی موحەممەددا، خودایە لە تاوانەکانم ببورە و دەرەکانی میهرەبانی خۆتم بۆ گوشاد بکە. (ئەم دوعایە بۆ چوونە ژوورەوەی هەموو مزگەوتێک دەگوترێ).
٢ـ ئەگەر چاوی کەوت بە کەعبە دەست بەرز بکاتەوە و بڵێ: (أللّهم زد هذا البيت تشريفاً وتعظيماً، وتكريماً ومهابةً، وزد من شرَفِهِ وكرِّمهُ ممَّن حجَّهُ، أو إعتمرهُ، تشريفاً وتكريماً وتعظيماً وبِرّاً). ــ شافیعی ریوایەتی کردوە و ڕەفعی دەکا بۆ پێغەمبەر () ــ . واتە: خودایە شەرەف و ڕیز و گەورەیی و سام و شکۆمەندی ئەم خانەیە زیاد بکەیت، وە خودایە شەرەف و ڕێزی ئەو کەسانەیش زیاد بکەیت کە ڕیزی لێ دەگرن وبە پیرۆزی دەزانن لە حاجی و ئەوانەی عومرە دەکەن.
٣ـ نابێ نوێژی سڵاوی مزگەوتی تێدا بکات ( تحية المسجد) چونکە تەواف کردنی لە جیاتی ( تحية المسجد)ە، مەگەر لەو کاتەدا کە گەیشت وەختی نوێژی فەرز بێت جا لەگەڵ ئیمامدا نوێژ دادەبەستێ. بە پێی فەرمودەی پێغەمبەر () کە فەرمویەتی ( إذا أقيمت الصلاة فلا صلاة الا المكتوبة ). واتە: کە نوێژی فەڕز قامەتی بۆ کرا ئەو نوێژە فەڕزە نەبێت نوێژی دیکە ناکرێت.
هەروەها ئەگەر ترسی چوونی نوێژە فەڕزەکەی هەبوو دەبێ لە پێشدا دەست بکات بە نوێژەکەی.

چۆنیەتی سوڕانەوە بەدەوری کەعبەدا (الطواف):
بڕوات بەرەو کەعبە و دەست بکات بە تەواف ( لێرەدا دەبێ باسی سوننەتێک لە سوننەتەکانی تەواف بکەم تەنها بۆ پیاوانە) ئەویش ئەوەیە: پێش ئەوەی دەست بکرێت بە تەواف دەبێ ناوەڕاستی ئیحرامەکە بخرێتە ژێر باڵ و لاکانیان بدرێتەوە بەسەر شانی چەپدا، و ڕووت بوونەوەی شانی ڕاست. ئەوەش پێی دەڵێن (ألاضطباع)ئەو سوننەتە تەنها لە تەوافی (عومرە یا قدوم) کاری پێ دەکرێ..

دەستپێکردن:
١ ـ تەواف (٧) حەوت جار سوڕانەوەیە بەدەوری کەعبەدا و لەڕێکی بەردە ڕەشەکەوە دەست پێ دەکات واتە: بەردە ڕەشەکە دەکەوێتە لای شانی چەپ. ئەگەر بۆی کرا بگاتە بەردە ڕەشەکە و دەستی لێ بدات یا ماجی بکات بەبێ ئەوەی ئەزیەتی خەڵکی بدات، ئەوە باشە ئەگینا دەتوانێ لە دوورەوە ئیشارەتی بۆ بکات، بەجۆرێک کە خانەی خودا کەوتبێتە لای جەپی یەوە و بڵێت: (بسم الله والله اكبر, اللهم ايمانا بك وتصديقا بكتابك ووفاء بعهدك واتباعا لسنة النبي ( ). واتە: بەناوی خودا، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە، خودایە باوەڕم بەتۆیە و باوەڕم بە کتێبەکەتە و وەفا بە پەیمانەکەت دەکەم، و شوێن کەوتوی سوننەتی پێغەمبەرەکەتم ().

٢ ـ گوتمان لە ڕێکی بەردە ڕەشەکەوە دەست بە تەواف دەکات.
وا پەسەندە کە لە سێ جاری یەکەمدا لە تەوافەکەدا (رمل) بکات ئەوەش مانای ئەوەیە بە جۆرێک خێرا بکات لە ڕۆیشتنەکەیدا، وە هەنگاوەکانی نزیک یەک بێت، وەک هەروەلەیەکی سووک، وە بە عادەتی بڕوات لە چوار خولەکەی دواییدا. ئەو (رمل) کردنە تەنها بۆ پیاوانە، وتەنها لە سێ سووڕانەوەی یەکەمە، و تەنها لە تەوافی عومرەدا هەیە.
ئەگەر نەیتوانی بە (رمل) بڕوات لەبەر قەڕەباڵغی، چۆن بۆی گونجا با وەها تەوافی بکات.
ئەگەر گەیشتە بەردە ڕەشەکە با ماچی بکات و یا دەستی لێ بدات بەڵام ووریای ئەوە بێت کە ئەزیەتی کەس نەدات (فەرز نی یە دەست لە بەردە ڕەشەکە بدات، بەڵکو دەتوانێ دوور بەدووری دەستی بۆ بەرز بکاتەوە).
جا وا پەسندە کە گەیشتە (الرکن الیمانی)، دەستی لێ بدات ئەگەر بتوانی، و نابێ ماچی بکات وەک هەندێک خەڵک دەیکەن چونکە ئەوە موخالیفی سوننەتی پێغەمبەرە ()، وەئەگەر نەیتوانی دەستی لێ بدات با بەردەوام بێت لە تەوافەکەی بەبێ ئەوەی ئیشارەتی بۆ بکات یا بڵێت (الله اکبر).



٣ ـ پەسندە زۆر بباڕێتەوە و یادی خودا بکات، وە ئەوەندەی خۆی پێ ی خۆش بوو دوعا و زیکر هەڵبژێرێ، بێ ئەوەی خۆی ببەستێتەوە بە شتێکەوە یا ئەوانە دووبارە بکاتەوە کە تەواف کەران دەیڵێن. چونکە بۆ ئەوە زیکرێکی دانراوی نی یە کە یاسادانەری ئیسلام بۆی دانابین کە هەر ئەوە بڵێن.
وە ئەو دوعا و زیکرانەی کە خەڵک لە خولی یەکەم و دووەم و ئەوانەدا دەیلێن بنەمایەکی شەرعی نی یە، وە هیچی لە پێغەمبەرەوە () نەهاتوە، جا بۆ تەواف کەر هەیە بۆ خۆی و برا مسوڵمانەنەکانی بپاڕیتەوە بە ئارەزووی خۆی و داوای خێری دنیا و قیامەت بکات، وا لە خوارەوە هەندێ لەو دوعایانەی لە و بارەیەوە هاتووە باس دەکەین:

ــــ ئەگەر ڕووی کردە بەردە ڕەشەکە بڵێ: (أللهم ايمانا بك وتصديقا بكتابك، ووفاء بعهدك، واتباعا لسنة نبيك، بسم الله والله اكبر)، لە پێشەوە واتای لێدراوەتەوە، وە ئەم پاڕانەوەیە بە مەرفوعی دەگێڕنەوە لە پێغەمبەرەوە().
ــــ ئەگەر دەستی کرد بە سوڕانەوە بڵێ: (سبحان الله، والحمد لله، ولا اله الا الله، والله اكبر، ولا حول ولا قوة الا بالله)، ئیبن ماجە گێڕاویەتی یەوە.
ــــ ئەگەر گەیشتە ڕوکنی یەمانی بپاڕیتەوە و بڵێ: (ربنا اتنا في الدنيا حسنة وفي الآخرة حسنة وقنا عذاب النار)، ئەبو داوود و شافعی گێڕاویانەتەوە لە پێغەمبەرەوە ().
ــــ شافیعی ووتوویەتی: وام پێ خۆشە هەر چەند گەیشتە ڕێکی بەردە ڕەشەکە (الله اکبر) بکات، و لەکاتی هەروەلە کردن (رمل) بڵێ: (اللهم اجعلە حجا مبرورا وذنبا مغفورا وسعيا مشكورا).
ــــ وە لە هەموو خولێکی تەوافەکەدا بڵێ: (رب اغفر وارحم، واعف عما تعلم، وانت الاعز الاكرم، اللهم آتنا في الدنيا حسنة وفي الآخرة حسنة وقنا عذاب النار).

٤ ـ ئەگەر ئەو کەسە لە (٧) حەوت جار سوڕانەوەکە بووەوە لە پشت مەقامی ئیبراهیم (علیه السلام) دوو ڕکات نوێژ بکات ئەگەر بۆی نەکرا لەبەر قەڕەباڵغی، ئەوە لە هەرجێگەیەکی دی لە (حەرەم) بیکات، ئەو نوێژەش سوننەی موئەککەدەیە.
لە ڕکاتی یەکەمدا سورەتی (الکافرون) و لە ڕکاتی دووەمدا سورەتی (الاخلاص) دەخوێنێت. ئەوجا ئەو فەرموودەیەی خودای گەورە بخوێنێ: [وَاتَّخِذُواْ مِن مَّقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ]، (البقرە ــ ١٢٥). ئینجا بەرەو ئاوی زەمزەم دەڕوات و تێر تێری لێ دەخواتەوە و دەشتوانێ بە سەری خۆیدا بکات.

مەرجەکانی تەواف:
١ ـ خاوێنی لە بێ دەستنوێژی گەورە و بچووک و پیسییەتی.
٢ ـ داپۆشینی عەورەت.
٣ ـ دەبێ سوڕانەوەکەی حەوت جاری تەواو بێت، جا ئەگەر لە جارێکیاندا هەنگاوێکی واز لێ هێنا و تەواوی نەکرد، بە تەواف ناژمێردرێ.
٤ ـ دەبێ لەلای بەردە رەشەکەوە دەست پێ بکات و لای ئەویشەوە کۆتایی پێ بێنێ.
٥ ـ دەبێ کەعبە بخاتە لای شانی چەپی یەوە، چونکە ئەگەر سوڕایەوە کەعبە کەوتبوە شانی ڕاستی تەوافەکەی دروست نابێت.
٦ ـ دەبێ سوڕانەوەی لەدەرەوەی کەعبە دابێ، جا ئەگەر کەسێک لە (حیجری ئیسماعیل) دا بسوڕێتەوە، تەوافەکەی دروست نی یە.

ئاداب و ڕەوشتی خواردنەوە لەئاوی زەمزەم:
سوننەتە ئەو کەسەی لە ئاوی زەمزەم دەخواتەوە بە نیازی شیفا بیخواتەوە وە بە نیازی ئەو شتانە کە خێری دین و دنیای تێدایە، چونکە پێغەمبەر () فەرمویەتی: (ماء زمزم لما شرب له). واتە ئاوی زەمزەم بۆ ئەوە دەبێت بۆی دەخورێتەوە.
پەسندە کە بە سێ جار بخورێتەوە و ڕوو بکرێتە قیبلە و تێری لێ بخورێتەوە، وە سوپاسی خودا بکرێت وە لە خودا بپاڕرێتەوە بەو پاڕانەوەی کە ئیبن عەبباس (خودایان لێ ڕازی بێت) دەپاڕایەوە. کە لە ئاوی زەمزەمی دەخواردەوە دەی فەرمو: خودایە من داوای زانستێکی بە سوود و ڕۆزیەکی فراوان و چارەسازی و شیفا لە هەموو نەخۆشیەکت لێ دەکەم.

لێرەدا تەواف کۆتایی پێ دێت، دوای ئەوە نۆرەی (سعی) نێوان سەفا و مەروە (الصفا والمروة) دێت.........

© 2008 www.moslim.se . All rights reserved   MOSLIM.SE