(بۆخوارەوە)(بۆسەرەوە)

ئێستاش هەر بەردەوامین لەسەر کارەکانی ( عومرە )

بە پەلە ڕۆیشتن و ڕاکردنی نێوان صەفا ومەروه (سعی)....

ئەصلی مەشروعی یەتی سەعی:
بوخاری لەئیبن عەبباسەوە خودا لێیان ڕازی بێت دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: ئیبراهیم (علیە السلام) هاجەر و ئیسماعیلی کوڕی کە لەو کاتەدا ئیسماعیل شیرەخۆرە بوو هێنانی، لای بەیت داینان لای دارێکی گەورە لەسەر زەمزەم، هەردوکیانی لە ژێر دارەکە دانا. لەو کاتەدا کەس لە مەککە نەدەژیا و ئاوی تێدا نەبوو، تورەگەیەک خورمای لا دانان و جەوەنەیەک کە ئاوی تێدا بو، لەپاشاندا ئیبراهیم بەرە و دوا گەڕایەوە، دایکی ئیسماعیل شوێنی کەوت و گوتی: ئەی ئیبراهیم بۆ کوێ دەچیت و لەم دۆلە چۆڵ و هۆڵەدا بەجیمان دەهێڵی؟ چەند جار ئەوەی دووبارە کردەوە، بەڵام ئیبراهیم ڕووی نەکرد بەلایەوە پاشان گوتی ئایا خودا فەرمانی پێ داوی وەها بکەی؟ فەرموی بەڵێ، گوتی: کەواتە خودا بێ سەر و شوێنمان ناکات و نامان فەوتێنێ.
بۆزانیاری زیاتر کلیکی بکە.


مەرجەکانی سەعی نێوان صەفا و مەروە
بۆ دروستی هاتوچۆی (سعی) نێوان صەفا و مەروە چەند مەرج هەیە لەوانە:
١ـ دەبێ دوای تەوافی بەیت بێت.
٢ـ دەبێ (٧) حەوت جار بێت.
٣ـ دەبێ لە (صەفا) وە دەست پێ بکرێ و بە (مەروە) وە کۆتایی بێت.
٤ـ دەبێ ڕاکردنەکە لەشوێنی خۆیدا بێت کە ئەویش ئەو ڕێگایەیە درێژ بۆتەوە لە نێوان صەفا و مەروەدا، بەپێی کردەوەی پێغەمبەر () لەوەدا. لەگەڵ فەرموودەی: (خذوا عني مناسككم). واتە: شێوازی حەج و عومرە کردن لە منەوە فێر بن و وەری بگرن.
جا ئەگەر پێش تەواف چووبێت بۆ سەعی، یا بە مەروە دەستی پێ کردبێ و بە صەفا کۆتایی هێنابێت، یا لە شوینی خۆیدا سەعیەکەی نەکرد، ئەوە ئەو سەعیە بەتاڵە.

ئایا حەوت جار سەعی کردنەکە بەسەر یەکەوە و بەدوای یەکدابێت؟:
مەرج نیە هاتو چۆی نێوان صەفا و مەروە بە شوێن یەکەوە بێت، بۆ نمونە ئەگەر شتێکی بۆ پێش هات نەی هێشت بەردەوام بێت لەسەر هات و چۆ، یا کاتی نوێژ هات، بۆی هەیە هات و چۆکەی بپچرێ، وەکاتی لەو شتە بۆوە کە ڕێی لێ گرتبوو، بۆی هەیا لەسەر جارەکانی پێشووەوە هات و چۆکە تەواو بکات.
لە ئیبن عومەرەوە خودا لێ یان ڕازی بێت هاتوە کە سەعی نیوان صەفا و مەروەی دەکرد، لەو کاتەدا میز زۆری بۆ هێنا ، چۆوە ئەو لاوە داوای ئاوی کرد دەست نوێژی گرتەوە و هەڵسا لە سەر ئەوەوە کە کردبووی تەواوی کرد، سەعیدی کوڕی مەنصور گێڕاویەتی یەوە.

چۆنێتی سەعی لەنێوان (صەفا و مەروە):
چوونە سەر صەفا و مەروە پەسندە، هەروەها ڕاوەستان و پاڕانەوە لەسەریان بە ئارەزووی خۆی بۆ دین و دنیا، لەگەڵ وەستان ڕووە و قیبلەوە.
بە نزیک بونەوە بۆ صەفا ئەم ئایەتە بخوێنێتەوە:[إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِن شَعَآئِرِ اللّهِ فَمَنْ حَجَّ الْبَيْتَ أَوِ اعْتَمَرَ فَلاَ جُنَاحَ عَلَيْهِ أَن يَطَّوَّفَ بِهِمَا وَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَإِنَّ اللّهَ شَاكِرٌ عَلِيمٌ ]. (البقرە ــ ١٥٨)، واتە: بەڕاستی صەفا و مەروە لە دروشمەکانی خودای پەروەردگارن، جا ئەوەی حەجی ماڵی خودا دەکات، یاخود عەمرە ئەنجام دەدات، ئەوە هیچ گوناهیکی لە سەر نییە ئەگەر هات و چۆ بکات لە نێوانیاندا، ئەوەش خۆ بەخشی دەکات و (عەمرە و تەواف)ی زیاتر دەکات با بزانێت کە خودا سوپاسگوزار و زانایە. دوای خوێندنی ئەو ئایەتە بڵێت: (ابدا بما بدا الله به) ‌. واتە بەوە دەست پێ دەکەم کە خودا دەستی پێکرد.
پاشان دەچێتە بەرزایی صەفا ڕوولەکەعبە دەکات ودەڵێ: (لا اله الا الله وحده لاشریک له، له الملک وله الحمد یحیی ویمیت وهو علی کل شئ قدیر، لااله الا الله وحده انجز وعده، ونصر عبده و هزم الاحزاب وحده). ئینجا نزا و پاڕانەوە و دوعای تایبەت بۆ خۆی و بۆ مسوڵمانان دەکات، ئینجا تاکو (٣) سێ جار بەم شیوەیە بەردەوام دەبێت.
پاشان بەرە و مەروە بەڕێ دەکەوێت بە ڕۆیشتنی ئاسایی و لەنێوان هەردوو ئاڵای سەوزدا پیاوان دەبێ (هەروەلە) یەکی سووک بکەن.
کە گەیشتە مەروە ئەو کردار و گفتارانە دەکاتەوە کە پێشتر لە صەفا کردبونی، ئەوە پێی دەگوترێ خولێك (شوط)، ئینجا بە بەردەوامی (٧) خول دەکات و دوایین خول لە مەروە کۆتایی پێ دێنێت، لەو خولانەش بە ئارەزووی خۆی دوعا و پاڕانەوە دەکات.



پاڕانەوەی سەعی:
پاڕانەوە و یادی خودا کردن و قورئان خوێندن لەنێوان صەفا و مەروەدا پەسندە، دەگێڕنەوە کە پێغەمبەر ( ) لە سەعی یەکەیدا دەیفەرموو: (رب اغفر وارحم واهدني السبيل الاقوم). واتە: پەروەردگارم لێم خۆش بە و ڕەحمم پێ بکە و ڕاسترین ڕێگەم نیشان بدە.
وە دەگێڕنەوە لێ یەوە کە فەرموویەتی: (رب اغفر وارحم انك انت الاعز الاكرم). واتە: پەروەردگارم لێم خۆش بە و ڕەحمم پێ بکە، چونکە تۆ لەهەموو کەس بەتواناتر و بەڕێزتری.
بە تەواف و سەعی کارەکانی عومرەی تەواودەکات و ئیحرامەکەی دەشکێنێت بە سەر تراشین یا کورت کردنەوە، لێرەدا کورت کردنەوە باشترە چونکە کاتی حەج ماوەیەکی زۆری نەماوە. بەڵام بۆ ژنان بەقەدەر سەری پەنجە پرچیان قوت دەکەن.

ئەوجا لە مەککە دەمێنێتەوە هەتا ڕۆژی تەرویە دێت کە دەکەوێتە (٨)ی مانگی ذي الحجة.

© 2008 www.moslim.se . All rights reserved   MOSLIM.SE